سەرچاوەکان ڕادەگەیەنن " جیهادییە بیانییەکان" لە سوریا دەکرێنە ئەفسەری پلە باڵای لەشکری

دوایین نوێکردنەوە 2024-12-30 19:05:16 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

بە پێی بڕیارێکی ڕێبەری دیفاکتۆی سوریا، ئەحمەد ئەلشەرع یاخیبووانی پێشوو پلەیان بەرزکرایەوە بۆ ئەفسەر لە سوپای داهاتووی سوریادا و چاودێرانی جەنگ و شارەزایانیش  دەڵێن جیهادییە بیانییەکانیش لەو بڕیارەدا دەستنیشان کراون. دەسەڵاتدارانی نوێی لە دیمەشق کە تا ئەم دواییانەش ڕێبەرایەتی یاخیبوونێکی ئیسلامی توندڕەویان دەکرد و شەڕی ڕووخانی بەشار ئەسەدیان دەکرد، هەفتەی ڕابردوو ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان لە سوریا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوە و تێکەڵبوونیان بە وەزارەتی وڵاتەکە، ئاشکرا کرد. لە فەرمانێکدا ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لە هەژماری تێلێگرامی ئەحمەد ئەلشەرع، بڵاوکرایەوە لیستی نێوی 49 کەس ڕاگەیەندرا کە بکرێنە ئەفسەر، لەنێویاندا یاخیبووانی پێشوو و ئەفسەری پێشووی سوپاش کە لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریادا چوونە پاڵ ئۆپۆزسیۆن. لە فەرمانەکەدا هاتووە، پلەبەرزکردنەوەکان بەشێکن لە هەوڵەکان بە ئامانجی "گەشەپێدان و مۆدێرنکردنی سەربازی. بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری". ڕامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ڕوانگەی سوریا  بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "زۆربەی ئەوانەی پلەیان بەرزکراوەتەوە، کەسانێکن کە بازنەی نزیکی ئەحمەد ئەلشەرعن." ئەمانە یەکەم بەشن لە  پلە بەرزکردنەوەی سەربازی لە دوای ئەوەی گروپی ئیسلامی هەیئەت تەحریر ئەلشام ناسراو بە (HTS)  سەرکردایەتی هێرشێکی کرد بۆ ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد و لە ئەنجامدا لە 8ی مانگی 12 بە گرتنی دیمەشق ڕژێمەکەی ئەسەد ڕووخا و بەشار ئەسەد و خێزانەکەی هەڵاتن بۆ ڕووسیا. دوو پیاو پلەی ژەنەڕاڵیان پێدراوە یەکێکیان مورحەف ئەبو قەسرە، بەرپرسی سەربازی هەیئەت تەحریری شامە کە ڕاسپێردراوە بۆ بوون بە وەزیری بەرگری حکومەتی قۆناغی گواستنەوە.   پێنج کەسی دیکەش کرانە عەمید و نزیکەی 40 کەسیش پلەی عەقیدیان پێدرا. ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەی لە بەریتانیایە و تۆڕێکی لە سەرچاوەکانی ناوخۆی سوریا هەیە، دەڵێت لانیکەم "شەش جیهادی بیانی"ی لەنێو ئەو کەسانەدا دەستنیشانکردووە کە پلەیان بەرزکراوەتەوە، لەوانە کەسێکی ئەلبانی، ئوردنی، تاجیکی، ئویغور و تورکێک کە لە ناو هەیئەت تەحریر ئەلشام بوون. ئویغورەکان ئەندامی پارتی ئیسلامی تورکستانن، کە گروپێکی جیهادییە و چەکدارەکانی زۆربەیان لە کەمینەی ئویغورەکانی چینن. لەلایەکی دیکەوە ئەیمەن ئەلتەمیمی، شارەزای گروپە جیهادییەکان و ململانێی سوریا، سێ کەسی بیانی لە لیستەکەدا دەستنیشانکرد، ئەوانیش ئویغورێک، ئوردنییەک و تورکێکی کە "سەرۆکایەتی گروپی چەکدارانی تورکیای لەژێر دەستی HTSدا کردووە و ئێستا عەمیدێکی سەربازییە". ڕوانگەکە دەڵێت لە نێو ئەفسەرە سورییەکانی کە پلەیان بەرزکراوەتەوە زۆرینەیان لە گروپی تەحریر ئەلشامن  و ئەوانی دیکەش لە "فراکسیۆنە هاوپەیمانەکان"ی گروپەکەن. هەیئەت تەحریر ئەلشام خۆی ڕەگ و ڕیشەی جیهادی هەیە و باڵێکی ئەلقاعیدە بوو لە سوریا لە ژێر ناوی بەرەی نوسرە.  سەرچاوە: فرانس پرێس